بە هێرشەکانی ئەمشۆی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی دۆخی ئاسایشیی ناوچەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی هەرە هەستیارەوە
یەکسانی
13-06-2025

شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی لە هێرشێکی بەربڵاوی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی دەیان ناوەندی سەربازیی ئێران بە خەستیی بۆردومان کران و تا ئێستا ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرە باڵای ڕژیم کوژراون و زیانێکی گەورە بە ناوەندەکانی وزەی ناوەکیی ئێران و پێگە سەربازییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران گەیشتووە.
بە پێی داخویانی فەرمی سوپای پاسدارانی ئێران حوسێن سەلامیی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ئەو هێزە کوژراون و سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات. هاوکات خامنەیی لە پەیامێکی بەپەلەدا کوژرانی سەلامیی و ژمارەیەک لە فەرماندەی باڵا سەربازییەکانی ئێران و پسپۆرانی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی پشتڕاست کردەوە کە لە یەکەم هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیەکی سەختی کرد.
هەروەها شکارچیی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران وێڕای هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە ڕایگەیاند، کە لە بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا جگە لە حوسێن سەلیمیی فەرماندەی یەکەمی سوپای پاسداران، مەحەممەد باقری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، فەرەیدون عەباسی دەوانیی ئەندامی پێشووی پارلەمانی ئێران و سەرۆکی پێشووی سازمانی وزەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، غوڵامعەلی ڕەشید عەلی نوور سەرلەشکری سوپای پاسداران و فەرماندەی گشتیی قەرارگای گشتیی خاتملئەنبیا، مەحەممەد مێهدی تێهرانچیی سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی و ژمارەیەکی تر لە زانایانی ئەتۆمیی ئێران کوژراون. ئەمانە بەرپرسانێکی باڵای ئێران کە کوژرانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ژمارەی کوژراوانی ئەم هێرشانە دەکرێ زۆر لەوە زیاتر بێت.
ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمییدا وێڕای پشڕاستکردنەوەی هەواڵی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی بۆ سەر ئێران، ڕایگەیاندووە کە کە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمیی و سەربازییەکانی تری ئێران بەردەوام دەبن.
بەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی دۆخی ئاسایشیی ناوچەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی هەرە هەستیارەوە و لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی ڕژیمی سێدارەدا دۆخەکە ئەوەندەی تریش ئاڵۆزو ئاڵۆزتر دەبێت و لەم ناوەدا خەڵکی ئاسایی لە ئێران و کوردستان و دەڤەرەکەش دەبنە قوربانیی سەرەکیی ئەم بۆردومان و هێرشە سەربازییانە و هیچ دوور نیە کار بکێشێتە شەڕێکی پان و بەرین لە ناوچەکە و تێوەگلانی دەوڵەتانی تریش.
تا کۆماری ئیسلامیی لەسەر کار بێت خەڵکی ئێران و کوردستان و دەڤەرەکەش ئاسایش و هێمنیی بەخۆیانەوە نابینن. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی بە دەستی خەڵکی ئەو وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان باشترین و کەمتێچووترین ڕێگایە بۆ پێشگیریی لە پەرەسەندنی شەڕێکی کۆنەپەرستانە و بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕشی ڕێنساسئاسای ژینای کوردستان. کۆماری ئیسلامیی بۆ شکاندنی دوو نیشانە بە تیرێک بە ئەگەری زۆر هەوڵ دەدات ئاگری شەڕ و تێکهەڵچوونەکان بگوازێتەوە بۆ کوردستان. ئەم ڕۆژانە وریایی و لەسەرپێبوونی خەڵکی کوردستان و ئامادەباشیی هاوئاهەنگی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێجگار گرنگە.
بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی ترۆر و سێدارە!
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاویی
١٣/٦/٢٠٢٥