ڕاگەیاندنی دووهەمی ناوەندی ڕامیاریی یەکسانیی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی دوو ژینگەپارێزی تری شاری سنە
Yeksani
28-07-2025

ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویی / ٢٥ی جولای ٢٠٢٥ کاک حەمید مورادی پارێزەر و ژینگەپارێزیی دیاری شاری سنە و دامەزرێنەری ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی شنەی نەوژین کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ٢ی گەلاوێژی بەرزاییەکانی ئاویەری سنە لەگەڵ چەند ژینگەپارێزێکی تری ئەو شارە بە ناوەکانی ئاریاس سەلیمی، موحسین حوسێن پەناهی، چیاکۆ یوسفی نژاد و سەید مستەفا هوژبەری بە سەختیی بریندار ببوون، لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گیانی لەدەست دا و بە بەشداریی هەزاران کەس لە دانیشتوانی شاری سنە و دەوروبەری، لە گۆڕستانی بەهەشتی مەحەممەدیی بە خاک سپێردرا.
بەداخەوە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویی / ٢٨ی جولای ٢٠٢٥ کاک خەبات ئەمینی ژینگەپارێزی چالاکی خەڵکی شاری سنە و کاک چیاکۆ یوسفینژاد ژینگەپارێز و وەرزشکاری خۆشەویستی کوردستان پاش پێنج ڕۆژ مانەوەیان لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، بەهۆی سەختیی و کارییبوونی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دا و ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستانیان لەناخەوە نوقمی خەم و پەژارە کرد.
خەڵکی قارەمانی کوردستان!
ژنان و پیاوانی ژینگە و ژیان و کوردستانپارێز!
کۆماری ئیسلامیی ساڵانێکە بە ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەگەکانی کوردستان گەرەکیەتی ژینگەی وڵاتی ئێمە بە ژینگەپارێزەکانیەوە جینۆساید بکات. هەر جارەی کە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم دەڤەرێکی کوردستان ئاگر تێبەر دەدەن، نەک هەر ئامادە نین بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکان بچووکترین هەنگاوی ڕواڵەتییانەش بنێن، بەڵکو زۆر جار ژینگەپارێزانی خۆبەخشی کوردستانیش کە بە خستنە مەترسیی گیانی خۆیان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدەن، زۆر هۆڤانە دەستگیر دەکەن و ئازاریان دەدەن.
بۆ نموونە کاتێک لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاویی ژمارەیەک لە ژینگەپارێزانی کامیاران و دەوروبەری لە مەراسمی بەخاکسپاردنی ژینگەپارێزی گیانبەختکردوو کاک ئیسماعلی کەریمی دەگەڕانەوە، ١٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی کامیاران و دەوروبەری ئەو شارە، لەلایەن سوپای پاستارانەوە گیران و لەژێر توندوتیژییەکی هۆڤانەدا ڕاپێچی زیندان کران. دیارە کە داگیرکەری ئێرانیی، ژینگەپارێزیی لە کوردستان بە تاوان دەزانێت.
ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازی کوردستان!
کۆماری ئیسلامیی پاش شکستی سەرشۆڕانەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیلدا هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە بە میلیتاریزەکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو دەنگێکی ئازایخوازانە لە گەروودا کپ بکات، کەچی ئەمڕۆ لەگەڵ ناڕەزایەتیی جەماوەریی دلێرانە رووبەڕوو دەبێتەوە. ئەوەتا خەڵکی قارەمانی شاری سنەی هەردەم پێشەنگ بەو درووشم و سروودگەلە شۆڕشگێڕانانەی کە لە مەراسمی بەخاکسپاردنی ڕۆڵەکانماندا بە گوێ دوژمنیان دادەدەن، بوێرانە نیشانی دەدەن کە شۆڕشی کوردستان دژی داگیرکەر بە هەنگاوی بڵند هەروا درێژەی هەیە و پێداگریی دەکەنەوە کە حەمید مورادیەکان و خەبات ئەمینیەکان و چیاکۆ یوسفینژادەکانی ئێمە، وەک هەموو گیانبەختکردووانی سەنگەر و شەقام و زیندان، گیانبەختکردووی خۆشەویستی کوردستانی داگیرکراون و ڕێزیان لێ دەگرن. درووشمی "ژین و ژینگەی کوردستان، سووتاوی دەستی ئێران" پێمان دەڵێ کە کۆماری ئیسلامیی نەک لە کوژاندنەوەی ئاگری ژینگەی کوردستان خۆی دەبوێرێت، بەڵکو ئەو ڕژیمە داگیرکەرە خۆی لایەنێکی سەرەکیی سووتاندنی ژینگەی کوردستانە و بکوژی ڕاستەوخۆی هەموو ئەو ژینگەپارێزانەشە، کە لە جەرگەی ئاگرکوژاندنەوەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن.
ژین و ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
پێویستە خەڵکی شاری سنەی قارەمان و خانەوادە و کەسوکاری جگەرسووتاوی گیانبەختکردووانی ژینگەپارێزمان بە تەنها نەهێڵینەوە و بە شێوەیەکی دیار و بەرین لە ئەسپاردەکردنی گیانبەختکردووان و لە یادەکانی دواتریاندا بەشداریی بکەین یان لە شارەکانی تر و شوێنی ژیانی خۆماندا و بۆ هاوپشتی شاری سنە، چالاکیی تایبەت و جۆراوجۆر وەڕێ بخەین.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان خۆی بە هاوخەمی خانەوادە و کەسوکار و ئازیزانی گیانبەختکردووی ژینگەپارێزی شاری سنە و هەموو کوردستان دەزانێت. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئازیزان حەمید مورادی، خەبات ئەمینی و چیاکۆ یوسفینژاد و هەموو گیانبەختکردووانی کوردستان!
نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویی
٢٨ی جولای ٢٠٢٥