بەیاننامەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی ٨٠یەمین ساڵیادی ٢ی ڕێبەندان و دۆخی هەستیاری ڕۆژئاوای کوردستان

یەکسانی
21-01-2026

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان! ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز!

لە کاتێکدا یادی هەشتا ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەکەینەوە، کە گەلەکەمان لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و چارەنووسسازدایە. ئەمڕۆ دڵی هەر کوردستانییەکی دڵسۆز لای ڕۆژئاوای بچووکی مەزنە؛ ئەو بەشەی نیشتمان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە کەوتووەتە بەر پەلامارێکی دڕندانەی تاقمە جیهادییە توندڕەوەکانی سەر بە محەممەد جەولانی و بەکرێگیراوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا.

ئەم هێرشە فاشیستییە، کە ئامانجی سڕینەوەی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانە، لە کاتێکدایە کە هێزە نێودەوڵەتییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، جارێکی تر بێدەنگییەکی واتاداریان هەڵبژاردووە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان خستووەتە پێش بەها مرۆییەکان.

گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا تەنیا نییە!

شاری کۆبانێ، ئەو قەڵا جیهانییەی کە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، ئێستا لەژێر گەمارۆیەکی تونددایە. داگیرکەران بە بڕینی ئاوو کارەبا و ئینتەرنێت بە خەیاڵی خاوی خۆیان گەرەکیانە ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، بەڵام ئێمە بڕوای تەواومان بە هێزی ڕێکخراوی گەل و قارەمانێتیی شەڕڤانانی کچ و کوڕی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە وگۆڕەپانی ئەم شەڕە نابەرابەرە دەبێتە گۆڕستانی نوێی جیهادییەکان و ئاغاکانیان.

سڵاو بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕاپەڕیو و پێشەنگ!

لە یادی ٢ی ڕێبەنداندا، سڵاوی شۆڕش و ئەمەگداریی دەنێرین بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ئەو بەشەی وڵات کە هەردەم ڕچەشکێن بووە، لە کۆماری کوردستانەوە تا شۆڕشی ژینا و تا ئەم چرکە ساتەش. ڕۆژهەڵات لە خرۆشانەکەی سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵ لە لوڕستان، ئیلام، کرماشان، مەهاباد و سنە و شارەکانی تر و لە مانگرتنە شکۆدارە گشتییەکەی ١٨ی بەفرانباریشدا، سەلماندی کە کۆماری ئیسلامیی داگیرکەرێکی فاشیستە و هەرگیز پێگەیەکی لە کوردستان نەبووە و چارەنووسیشی تەنها هەر ڕووخانە.

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان:

هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا، هێرشە بۆ سەر هەموو کوردستان. ئێمە لە ساڵیادی کۆماردا جارێکی تر بانگەوازتان دەکەین بۆ:

١. پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانیی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان.

٢. دامەزراندنی ناوەندێکی هاوکاریی ڕاستەقینە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بێ هیچ پەراوێزخستنێک.

بەرز و پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان!

بژی یەکێتیی گەلی کورد و بەرخۆدانی قارەمانانەی ڕۆژئاوا!

بڕووخێ داگیرکاریی و فاشیزم!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی / ٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٦