پلاتفۆرمی پێشنیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ پێکێنانی ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی

Yeksani
23-06-2025

لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانەوە بۆ لایەنە سیاسیە چەپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هاوڕێیانی هێژا، سڵاوی هاوڕێیەتیی و هاوخەباتییمان بپەژیرێنن.

بەڕێزان، هەمووتان ئاگاداری دۆخی هەستیاری ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانن. شۆڕشی ژینا، شۆڕشی کوردستان بانگەوازمان دەکات بۆ هاوخەباتییەکی ڕێکخراو و بە بەرنامە. هاوخەباتییەک کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەمڕۆ و ئەم دۆخە هەستیارەدا بێت.

ئەمەی لێرەدا وەک بانگەوازێک بڵاوی دەکەینەوە پلاتفۆرمی پێشنیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانە بۆ پێکێنانی ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی. بەو هیوایە بە سەرنج و ڕەخنە و پێشنیارەکانی ئێوە و هەموو دڵسۆزان و چالاکانی چەپی کوردستان بتوانین لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوەندەکە دابمەزرێنین. فەرموون ئێوە و پلاتفۆرمە پێشنیارییەکە.

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ هەتاویی

٢٢/٦/٢٠٢٥

ئەگەرچی بەهێزبوون و ڕێکخراوبوون و یەکێتیی ڕیزەکانی ڕەوتی چەپی کوردستان لە شۆڕشی کوردستان و ژینادا وێردی سەر زاری هەموو ئێمە لایەنە سیاسیە چەپەکانی کوردستانە، بەڵام بەداخەوە لەکردەوەدا ئەم ڕەوتە تا بڵێی پرژوبڵاو و نایەکگرتووە.

ئەزموونی بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتیمانیی کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ڕابەرایەتییکردن و بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕشی کوردستان پرس و ئەرکی کرێکاران و هەژاران و ژنان و زۆرینەی خەڵکی کوردستان و ڕەوتە چەپەکەیەتی.

ئەمڕۆکە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان لە ڕوانگەی چەپەوە تەنها جووڵانەوەیەکی نەتەوایەتیی نەریتییانە نیە،کە تاکە خەون و خۆزگەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردیی بێت، بەڵکو  گەلی ئێمە وێڕای تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافی چارەنووسی خۆی، ساڵانێکە خەباتە نەتەوایەتییەکەی گرێدراوەتەوە بە ئازادیی و بەرژەوەندی هەژاران و یەکسانیی ژن و پیاو و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و ژینگەدۆستیی و مرۆڤدۆستییەوە. خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانە ئەرکی چەپە و ئەمەش کارێکە بە تاکە حیزبێک ناکرێ و چەپێکی بەهێز و یەکگرتوو  و ڕێکخراوی لێمان دەوێت. بۆیە پێویستە لە ئەنجامی دیالۆگێکی گەرموگوڕی هاوڕێیانە، هەموو لایەنە چەپەکانی کوردستان لە دەوری پلاتفۆرمێک کۆ ببینەوە، کە تیایدا ئامانج و داخوازییە گشتیەکانی چەپی تێدا بگونجێندرێت و پێڕەوێکیش ڕێنمای کارەکانی بێت.

هاوڕێیانی هێژا

بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕشەکەمان، بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی جەماوەریی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دووپاتنەبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی و بۆ بەحیزبیینەکردنی دەسەڵاتی سیاسیی لە سبەی ڕۆژی ئازادیی کوردستاندا، پێویستە ئاوڕێک لەو سەردەمە بدەینەوە کە ڕژیمی پەهلەوی دەڕووخێ و بەڕێوەبردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەیەک دەکەوێتە دەست لایەنە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان.

ئاشکرایە کە لەگەڵ ڕووخانی ڕژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی، چەپی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخێرایی گەشە سەند و لە زۆر بواردا هەنگاوی بەرزی نا و پەنجەرەیەکی سۆسیالیستیی بەڕووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستاندا کردەوە و ئەمە وای کرد کە ئیتر بزووتنەوەی کوردستان تەنها بزاڤێکی نەتەوایەتیی ڕووت نەبێ و بەڵکو ژنان و کرێکاران و جوتیارانی هەژار بە هی خۆیانی بزانن و شقڵی خواستە چینایەتیی و جێندێریەکانی خۆیانی لێ بدەن و لە شێوازی خەباتیشدا نەریتشکێنیی و نوێگەریی بکرێ و خەباتی چەکداریش بە تاکە شێوازی خەبات نەزاندرێت. ئەم چەپە سەرەڕای هەموو کەموکووڕییەکانی، خەباتی نەتەوایەتیی و چینایەتیی و یەکسانیی جێندیریی لێک گرێ دایە و لە کردەوەدا بووە پاڵپشتێکی بەهێزی کرێکاران و جوتیاران و ژنانی ستەمدیدە و لە بەرانبەر کۆنەپەرستیی ناوخۆیی و داگیرکەری ئێرانییشدا لێبڕاوانە وەستایەوە.

بەداخەوە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی و هێرشی داگیرکەری ئیسلامیی بۆ سەر کوردستان و گرتنەوەی ناوچە ڕزگارکروەکان کارێکی کرد، کە گەشەی چەپ لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتدا قەتیس بمێنێتەوە و شۆراکانی شار و دێ لێک هەڵنەپێکرێن و نەتوانن دەسەڵاتی جەماوەریی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵات بەدەستەوە بگرن. بێئەزموونیی ڕەوتی چەپ و خۆبەستنەوەی لە ڕادەبەدەری لایەنێکی سەرەکیی ئەم ڕەوتە بە تاران و بە ڕێکخراوێکی بێ ڕەگوڕیشەی چەپی ئێرانیی و ملهوڕییەکانی ڕاست و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی، زۆر بە زیانی پرسی کوردستان و ڕەوتە چەپەکەی شکایەوە و لایەنە چەپەکانی ئەوسای ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی وکوردستانی ئێران و کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان) جگە لە هەندێک هاوسەنگەریی لێرولەوێی پێشمەرگانە، نەیانتوانی دەست بەرن بۆ هاوکارییەکی دوولایەنەی ڕێکوپێک و بەبەرنامە. ئەم ناتەبایی و پێکەوەنەسازانەی چەپ تا ئەمڕۆش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەداخەوە هەر درێژەی هەیە.

لە سۆنگەی خەباتی ئەم چەپە و گەشەی ئابووریی و ئاکادیمیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆناسینی زیاتری ژنان و دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندنی باڵا و ... لە ساڵی ٢٠٢٢دا و بە مەرگی تراژیدیکی ژینا ئەمینی تەقینەوەیەکی چەپی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گڕ دەسێنێت و چەخماخەی شۆڕشی ڕێنسانئاسای ژینا لێ دەدرێت. شۆڕشێک کە لە ماوەیەکی کورتدا لەلایەن ژنان و لاوان و خوێندکاران و بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی ئێرانیی ڕووبەڕوو دەبێتەوە و لە ئاستی جیهانییشدا لەلایەن خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانییخواز و ڕێکخراوەکانی ئالیگری مافی مرۆڤ و ژنانەوە پشتگیرییەکی بەرچاوی لێ دەکرێت.

ئەم شۆڕشە کە پێشەنگەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، سەرەڕای سەرکوتگەرییە خوێناوییەکانی کۆماری ئاپارتایدەکان، لە ئاستی کوردستان و ئێراندا پلاتفۆرمگەلێکی (مەنشوورگەلێکی) جۆراوجۆری لێ کەوتەوە و شۆڕشگێڕان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات خۆیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئامادە دەکرد، کەچی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و تەنانەت چەپی کوردستانیش ئەوەی بیریان لێ نەکردەوە مەنشوور و مشووری یەکێتیی و ڕێکخراوبوونی سەروو حیزبیی خۆیان بوو. لە ئاستی ئێراندا چەند مەنشوورێک هاتنە ئاراوە، کە چەپترینیان مەنشووری ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکانی ئێران بوو، کە سەرەڕای کەموکووڕییەکانی، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانیش پشتگیریی کرد و کۆنەپەرستانەترینیشیان ئەو مەنشوورە ڕیسوایە بوو، کە بە ناڕەوا بە ناوی مەنشووری مەهسا ڕاگەیەندرا. مەنشوورێک کە بووە هۆی هەڵوەشانەوەی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" و کاریگەریی تا ڕادەیەک خراپیشی لەسەر ڕەوتی شۆڕش دانا.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کە هەمیشە خوازیاری هاوکاریی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بووە دژی داگیرکەران، لە ٢٩/١/٢٠٢٣دا و لە ڕاگەندراوێکی ٦ خاڵییدا بانگەوازی هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆخی شۆڕشی ژینا و چی بکەینی لایەنە سیاسیەکان و پێکهێنانی بەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەداخەوە بانگەوازەکەمان گوێگرێکی نەبوو و وەڵامێکمان وەرنەگرتەوە .

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ یەکێتیی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ لایەنە چەپەکانی ئەو بەشەی کوردستانیش لە پەیوەندییدا بووە و لەو دانیشتن و دیالۆگانەدا لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی ڕەوتی چەپ پێداگریی کراوە، بەڵام هاوکارییەکان وەک پێویستە لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبووە.

هاوڕێیانی هێژا

ئێستا کە کۆماری ئیسلامیی کەوتۆتە بەر هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیل و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسە سەربازیی و سیاسیە پلە یەکەکانی تێداچوونە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکە لەبەر دەم ئاڵوگۆڕی گەورە و گرنگدان و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستانیش لە هەموو پارچەکانی وڵات پێگەیەکی بەهێزتری بەخۆیەوە بینیوە و پرسی کورد لە ئاستی جیهانییدا گرنگییەکی زیاتری پێ دەدرێت و خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵات لەسەر پێن و ئامادەی هەموو گیانبازییەکن، یەکێتیی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەتیی لایەنە چەپەکانی، گرنگییەکی تایبەتیی هەیە و پێکهێنانی ناوەندێکی هاوکاریی کە پلاتفۆرمێکی  ڕۆشن بنەمای بێت، ئەرکێکی هەنووکەییە و دواخستنی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

شۆڕشی کوردستان، شۆڕشی ژینا و دۆخی هەستیاری ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان بانگەوازمان دەکات بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر پلاتفۆرمی هاوکاریی چەپی کوردستانیی و پێکهێنانی ناوەندێکی هاوکاریی، کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵک و شۆڕشەکەماندا بێت. ناوەندێک کە دەتوانێت کۆمەک بکات بە پێکهێنانی بەرەی گشتیی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرەیەک، کە هاوهەنگاو لەگەڵ ناوەندی چەپی کوردستانیی، دژ بە داگیرکەر، هەموومان لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە.

بەڕێزان

لێرەدا ڕەشنووسی پێشنیاریی پلاتفۆرمی ناوەندی هاوکاریی لایەنە چەپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخەینە ڕوو و هیوادارین بە سەرنج و تێبینیی و ڕەخنەی هەموو لایەنەکان، بتوانین هەرچی زووتر ئامادەی بکەین و هەنگاوی خێرا بنێین بۆ پێکهێنانی ناوەندەکە.

بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستی دەزانین:

ئا / لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١) ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی بە بەشداریی هەموو یان زۆربەی لایەنە چەپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێت. خواستی مافی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان دەتوانێ داخوازییەک بێت، کە لایەنە سیاسیە چەپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو ستراتیژییە جیاوازەکانمانەوە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.

٢) پێویستە پلاتفۆڕمی گشتگیری چەپی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە و پەسەند بکرێت و تیایدا ڕاشکاوانە ڕابگەیەندرێت:

 کە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی سیاسیی کوردستان لە هەموو کاتێکدا، مافی بێئەملاولای خودی خەڵکی کوردستانە بە هەموو نەتەوە و کەمە نەتەوایەتییەکانیشیەوە. پرسی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و مانەوە و نەمانەوە لە چوارچێوەی ئێراندا بابەتێکە دەبێ لە ڕێگەی ڕیفڕاندۆمێکی ئازاد و دێموکراتیکەوە، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاوەدێری بکرێت ساغ بکرێتەوە. بڕیاری خەڵکی کوردستان و ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە هەرچی بێت، دەبێ لەلایەن دەوڵەتی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە فەرمیی دانی پێدا بنرێت. ئەگەر هات و کوردستان لەو ڕیفراندۆمەدا بڕیاری دا لە چوارچێوەی ئێراندا بمێنێتەوە، دەبێ حکوومەت یان دەوڵەتی ناوچەیی کوردستان وەک دەسەڵاتێک کە خاوەن هەموو دامەزراوەکانی خۆی دەبێت لە وەزارەتخانەکانەوە بگرە تا سوپای تایبەت بە خۆی، لەلایەن دەوڵەتی ئێران و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمیی بناسرێت.

٣) پەسەندکراوێک بە واژۆی ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی بگەیەندرێت، کە تیایدا چوارچێوەیەک بۆ پێیوەندیی و هاوکاریی ناوەند لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان دیاریی بکرێت. چوارچێوەیەک، کە تیایدا داخوازییەکان و پێشمەرجەکانی ناوەندی تێدا بگونجێندرێت بۆ هاوکاریی و هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان.

 ٤) لەم پەسەندکراوەدا بە ڕاشکاوی بوترێت: ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی تاکە نوێنەری چەپی کوردستانە و هیچ لایەنێکی سیاسی کوردستان بۆی نیە بە تەنیا لەسەر چارەنووسی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ئێران وتووێژ بکات.

٥) پێڕەوێکی ناوخۆیی دێموکراتیک بۆ ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی ئامادە بکرێت. لەو پێڕەوەدا ماف و بەرپرسیارێتییەکانی ئەندامانی ناوەند دەستنیشان بکرێن .

٦) هەر لایەنێکی سیاسی کە لە ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانییدا ئەندام دەبێت، بەدەر لە قەوارەی ڕێکخراوەیی خۆی مافی یەک دەنگی دەبێت

٧) لە پێڕەوەکەدا ماف و دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی ناوەند ڕوون و ڕاشکاوانە دەستنیشان بکرێن، ئەم سەرکردایەتییە دەورەیی بێت و ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک بگۆڕدرێت.

٨) نوێنەرایەتییەک بۆ کاروباری سیاسیی و دیپلۆماتیکی ناوەند بۆ دەرەوەی وڵات دیاریی بکرێت.

٩) هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسییە چەپەکان بکرێتە یەک هێز تا ئەو کاتەی سوپایەکی نیشتمانیی ناحیزبیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک دەهێندرێت. ئەمە مەترسیی هەرچەشنە بەریەککەوتنێکی چەکدارانەی ناوخۆیی کەم دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا بۆ ناوەوەی وڵاتیش ورەبەخش و وزەبەخش دەبێت.

١٠) هەوڵ بدرێت بە هاوکاریی هەموو لایەنە ئەندامەکان و بە پشتگیریی خەڵکی خۆمان تەلەڤیزیۆنێکی باش دابمەزرێندرێت بۆ گەیاندنی دەنگی چەپ و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کوردستان و ئێران و دەرەوەی وڵاتیش. کەناڵێک کە لە کردەوەدا دەنگی چەپی کوردستان و خەڵکی کوردستان بێت.

١١) لە پلاتفۆرمەکەدا و لە ناوەندی هاوکارییشدا گرنگییەکی تایبەت بدرێت بە ڕۆڵ و پێگەی ژنان و پرسە جێندرییەکان لە ناوەند و کۆمەڵگەدا.

١٢) لە پلاتفۆرمەکەدا یان لە پێڕەوی ناوخۆی ناوەندی هاوکارییدا، چۆنیەتی دابینکردنی ئیمکاناتی دارایی ناوەندەکە و هەروەها چۆنیەتی وەرگرتن، سزادان یان دەرکردنی لایەنێکی ئەندام بە ڕوونیی بخرێتە ڕوو.

١٣) ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی کار بکات بۆ پێکهێنانی بەرە یان ناوەندی هاوکاریی هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پێکهێنانی وەها هاوپەیمانییەک نە ناکۆک دەبێ لەگەڵ بوونی ناوەندی هاوکاریی چەپ و  نە ئەو ناوەندەش قەرەبوو دەکاتەوە. هاوکاریی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دژ بە داگیرکەران پێویستییەکی هەمیشەیی بووە و هەیە.

١٤) ــــــ گرنگییەکی زۆر بە دۆستایەتیی و هاوخەباتیی کەمەنەتەوایەتییەکانی کوردستان بدرێت بۆ هاوخەباتیی و پووچەڵکردنەوەی هەر چەشنە پلانێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەی داگیرکەر. ناوەند پێداگریی بکات کە لەسەر ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتمانی هەموو کورد و هەموو ئەو نەتەوانەیە کە لە کوردستان دەژین.

١٥) لە پلاتفۆرمەکەدا ڕاشکاوانە بوترێت: دین پرسی تاکە و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستێوەردانی کاروباری ئایینیی کەسی تر بکات. کەس بۆی نییە تەوژم بخاتە سەر هاووڵاتیان بە بۆنەی ئەوەی دینیان هەیە یان نیانە. ناوەندی هاوکاریی بۆ جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت تێدەکۆشێ و پێی وایە، کە نابێ هیچ ئاینێک وەک ئاینی فەرمی وڵات بە فەرمی بناسرێت. ناوەند کار بۆ جێکەوتنی ئەو فەرهەنگ و بایەخگەلە کۆمەڵایەتییانە دەکات کە دانیشتووانی وڵات، بەدەر لەوەی پێڕەوی چ  دین و مەزهەبێک بن یان نەبن، بتووانن وەک هاووڵاتیانی خاوەن ڕێز و ماف و ئەرکی یەکسان، وەک هاووڵاتیانی وڵاتێکی فرە دین و فرەبین و فرەفەرهەنگ شکۆمەندانە لە پاڵ یەکدا بژین و ڕێگە نەدەن داگیرکەران و کۆنەپەرستان بە بیانووی جیاوازیی ئایینییەوە ئاژاوە و دووبەرەکایەتییی بنێنەوە.

١٦) لە یەکەم ڕۆژەکانی نەمانی هێز و دەمودەزگای داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەس ببرێت بۆ بە کوردیکردنی زمانی خوێندن و پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی و دابینکردنی هەمان مافیش بۆ کەمەنەتەوایەتییەکانی کوردستان.

١٧) دانانی پلانی تۆکمە بۆ قۆناغی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی و کارکردن بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ خەڵک و دیاریکردنی شێواز و چوارچێوەی دەسەڵات (سیستمی شۆرایی یان پەرلەمانیی) لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی دێموکراتیک لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لوڕستانیشەوە.

١٨) لە ڕیفراندۆمێکی دێموکراتیکدا کوردستانییبوون و نەبوونی لوڕستان ساخ بکرێتەوە. ئەگەر خەڵکی ئەو دەڤەرە خۆیان بە بەشێک لە کوردستان بزانن، پێویستە لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێگەیان بکرێتەوە وگرنگیی بدرێت بە فەرهەنگی ئەو ناوچەیە.

ـ١٩) لە ئێستاوە و لە دیالۆگ لەگەڵ بیروڕای گشتیی ئێران و لایەنە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە و دەسەڵاتی سبەینێی ئێران ڕاشکاوانە ڕابگەیەندرێت کە مافی چارەنووسی گەلان بریتیی نیە لە یەک ڕیفراندۆم و ئەم مافە مافێکی هەمیشەییە. پێویستە داکۆیی بکرێتەوە کە پرسی مانەوە و نەمانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا بەندە بە گشتپرسییەک کە پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت.

٢٠) هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان و کۆکردنەوەی ئەو ڕێکخراوانە لە فدراسیۆنێکی کوردستانییدا.

٢١) لە ئێستەوە بە هاوکاریی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی، گرنگیی بدرێت بە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ چارەسەری پرسی دادوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕاگوزەردا.

٢٢)  بە هاوکاریی لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ هەڵسوکەوتێکی دروست لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی بەکرێگیراوی خۆجێیی کۆماری ئیسلامییی بوونە، بەتایبەتیی ئەوانەی کە دەستیان بە خوێنی خەڵک سوور بووە و ڕێگە نەدرێت هیچ حیزبێک خۆی بنێتە جێگەی دەسەڵاتی دادوەریی.

٢٣) بە هاوکاریی لایەنە سیاسیەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ئاسایشی گشتیی دابین بکرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ حیزب و دەستە و گرووپێک دەسەڵاتی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆنی دەسەڵاتدارێتیی حیزبیی دابمەزرێت.

٢٤) بە خەڵکییکردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێگە نەدرێت هەر لایەنە بۆ خۆی دەست بگرێ بەسەر سامانە سرووشتیەکانی ژێر دەستی ڕژیم و دەمودەزگا دەوڵەتییەکان.

٢٥) گرنگییدان بە ژینگە و سروشتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنگەریی ژینگەپارێزیی.

٢٦) هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و  یەکسانییخواز بە بەشداریی بەرینی کۆمەڵانی ژن و پیاوی کوردستان و سەر لە نوێ ڕێکخستنەوەی هەموو جومگەکانی بەڕێوەبردنی وڵات بە هاوکاریی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان و خەڵکی پسپۆر.

ب / لە ئێران و دەرەوەی وڵات:

مێژووی خوێنینی ئێران و ئەزموونی خۆمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەزموونی گەلانی تریش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە لایەنە ڕاستڕەوەکانی نەتەوەی سەردەست لە دژی یەکسانیی و مافی دیارییکردنی چارەنووسی نەتەوەکانن. لایەنە توندئاژۆکانی بەرەی ڕاست ئەگەر بۆیان بلوێت ئامادەن تەنانەت مافی دیارییکردنی چارەنووسی تاکیش سنووردار بکەنەوە و لەگەڵ مافەکانی ژنان، کرێکاران، چەوساوەکان و دادپەروەرییشدا ناکۆکن.

لە پلاتفۆرمەکەدا داکۆکیی بکرێت کە ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانیی خۆی لە بەرەی چەوساوەکاندا دەبینێتەوە کە بۆ چەسپاندنی ئەوپەڕی یەکسانیی و دادپەروەریی تێدەکۆشێت، بۆیە لە ئاستی کوردستان و ئێران و جیهانی دەرەوەشدا خۆی لە بەرەی ئەو لایەن و بزووتنەوانەدا دەبینێتەوە، کە بۆ ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی تێدەکۆشن. ڕاستە کە کوردستانی ئێمەش وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تر خاوەنی چین و توێژی جۆراوجۆر و لایەنی سیاسی ڕەنگاوڕەنگی چەپ و ڕاستە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان و نەتەوە سەردەستەکان جیا دەکاتەوە زیاتر ئەوەیە، کە نەتەوەی بندەست بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، بە لایەنی سیاسی چەپ و ڕاستیشیەوە، لە لایەن دەسەڵات و ناسیۆنالیزمی نەتەوەی باندەستەوە بە چاوی دوژمن سەیری دەکرێت. بۆیە یەکێتیی و هاوخەباتیی هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی داگیرکەر گرنگییەکی تایبەتیی هەیە.

لە پلاتفۆرمی ناوەندی هاوکاریی چەپی کوردستانییدا بەڕوونیی ئەوە دەستنیشان بکرێت کە ناوەند یان لایەنە سیاسیەکانی ئەندامی ناوەند لە ئاستی کوردستانی گەورە و ئێران و دەرەوەی وڵاتدا دەتوانن لە چ فۆروم و هاوپەیمانییگەلێکدا ببنە ئەندام یان هاوکاریی بکەن...

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٢/٦/ ٢٠٢٥