تاکەی لەسێدارەدان! کوردستان پێویستە وەک هیندوستانی سەردەمی گاندی ڕووبەڕووی داگیرکەران بێتەوە!
Yeksani
07-07-2025

ئەمڕۆ ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاویی ( ٧ی جوڵای ٢٠٢٥) لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ حوکمی لەسێدارەدانی پێنج زیندانی سیاسی کوردی بە پارێزەرەکانیان ڕاگەیاند. ئەو زیندانیە سیاسیانە کە هەر چرکەساتێک مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان هەیە بریتین لە ڕزگار بابامیریی، پژمان سوڵتانیی، سۆران قاسمیی، کاوە ساڵحیی و تەیفوور بابامیریی. هەروەها پێنج زیندانیی سیاسیی تری خەڵکی بۆکان هەر ئەمڕۆ دادگایی کران کە تا ئێستا حوکمەکانیان بۆ ئێمە ڕوون نەبۆتەوە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات!
کۆماری لەرزۆکی ئیسلامیی ئێران، ڕژیمە فاشیستەکەی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیلدا گورزی کاریگەری بەر کەوتووە و لە ڕووخان نزیک بووەتەوە، بۆ پێشگرتن بە ڕاپەڕینێکی جەماوەیی ماشینی کوشتاری زیندانیانی سیاسیی و چالاکانی مەدەنیی چالاک کردۆتەوە و ئەم دۆخە کاردانەوەیەکی بەبەرنامە و خێرا و یەگرتووانەمان لێ دەخوازێت.
نابێ ڕێگە بدەین جەللادە چنگبەخوێنەکانی کۆماری ترۆر و شەڕ و کوشتار هەر ڕۆژەی چەند کەسێک لە ڕۆڵەکانمان ببەنە پای سێدارە. پێویستە کوردستان بە مانگرتنێکی سەرتاسەریی بەرەنگاری ڕژیمی ئیسلامیی بێتەوە و تەنانەت ئێستاکە کاتیەتی خەباتە جەماورییەکە بۆ ئاستێک بەرز بکرێتەوە کە تەنانەت پاش مانگرتنی گشتییش لە بازاڕەکانیش هیچ شتێک بە هێزە چەکدار و ئەمنیی و کاربەدەستانی ڕژیم نەفرۆشرێت و کوردستان وەک هیندوستانی سەردەمی گاندی مەزن ڕووبەڕووی داگیرکەرانی وڵات بێتەوە.
هەروەها پێویستە ئەم فەرهەنگی مانگرتنی گشتییە کە لە ساڵانێکە لە کوردستان جێکەوتووە و سەرکەوتنی بەدەست هێناوە بگوازینەوە بۆ بلووچستان و ناوچەکانی نەتەوە بندەستەکانی تری ئیستعماری نەخۆشی ئیسلامیی ئێرانیش. پێویستە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە سیاسیە شۆڕشگێڕەکانی ئەو نەتەوانە و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیان لەمەودوا بە مانگرتنگەلی هاوبەش و هاوکات دژ بە سێدارە و ڕژیمەکەی بووەستینەوە.
کۆماری سێدارەی ئیسلامیی لە دەسپێکی شەڕی ١٢ی ڕۆژەی ئیسرائیلەوە هەزاران کەسی ڕاپێچی زیندانەکانی کردووە و کاردانەوەیەکی جەماوەریی بەرین نەبێت، هاوکارییەکی شایستەی هەموو لایەنە سیاسەکانمان نەبێت، مەترسیی هەیە ژمارەکی بەرچاو لە زیندانیانی سیاسیی کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا لە سێدارە بدرێن.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەواز دەکات بۆ وەڕێخستنی هەڵمەتێکی هاوبەشی خێرا لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دژ بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی و بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئەو پێنج زیندانییە سیاسیە.
بڕووخێ ئیستعماری نەخۆشی ئیسلامیی ئێران!
بژی یەکێتیی و هاوخەباتیی گەلانی بندەست و خەڵکی ئێران!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاویی
٧ی جوڵای ٢٠٢٥