ژین و ژینگەی کوردستان، سووتاوی دەستی ئێران!

ناوەندی ڕاگەیاندن
25-07-2025

بەداخەوە ئاگرکەوتنەوەی چیاکانی کوردستان بۆتە ڕووتینی هەموو ڕۆژەی هەواڵەکانی ناوخۆ. بەڵام لەوە دڵتەزێنتر و ناخهەژێنتر هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینگەپارێزانی کوردستانە، کە لەپێناو پاراستنی ئاو و خاک و سروشتی کوردستان سەربەرزانە گیانی خۆیان بەخت دەکەن. کۆماری کۆنەپەرەستی سێداره ساڵێکە بەردەوام ئاگرتێبەردان و لەناوبردنی سروشتی کوردستانی لە کانی و دارستانەوە بگرە تا کانگای زێڕ و هەموو سامانە سروشتییەکانی کردۆتە بەشێک لە دوکتورینی تاڵانی هەمەلایەنەی کوردستان.

ئەمان گەرەکیانە لە ئەگەری سەربەخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێرانەیەک بۆ گەلی کورد لە پاش خۆیان جێبهێڵن و ئەم کاولکارییە ئەگەر بەشێکی لە کەمترخەمیی و نابەرپرسیارێتیی خەڵک بێ، سێ بەشی سیاسەتێکی پلانداڕێژراوی تۆکمەی ڕەژیمی تارانە. بەڵام ورە و ئیرادەی خەڵکانی ژینگەپارێز و وڵاتپارێز بووەتە بەربەستێکی گەورە لە بەرانبەر ئەم سیاسەتە قێزەونە و بەخۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژهەڵات لەڕێگەی خەباتی فەرهەنگیی و ژینگەپارێزیی هاتۆتە ڕێزی شەڕڤانانی وڵاتپارێز و بەشێوەی کردەوەیی هاوخەباتیی شاخی بردۆتە ناو جەرگەی کۆمەڵگای کوردستان. کۆمەڵگایەک کە ئێستا بۆ خۆی بڕیار دەدات کەنگێ و لەکوێ ئاگری شۆڕش هەڵگیرسێنێ.

هەر لەم پێناوەشدا کەسانی خەباتکار ئامادەن بێ هیچ چاوەڕوانییەک و وەک نوێنەرانی خەباتی مەدەنی لە شارەکان گیانیان فیدای داربەڕوویەکی زاگڕۆس یان وشەیەکی زمانی کوردی یان ئاوازێکی کۆنی ئەم وڵاتە بکەن. هەواڵی گیانبەختکردنی کاک "حەمید مورادی" ئازیز و سووتانی جەستەیی چوار کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری سنە، دەگەڵ ئەوەیکە دڵی هەموو وڵاتپارێزێزێکی کوردستان لەناخەوە دەهەژێنێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مزگێنیدەری ئەمەیه کە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە پێناو بیر و بڕوای ئازادیی و یەکسانیی بەردەوام ئامادەی گیانبازیینە و ڕۆژ لە دوای‌ ڕۆژ ئەم بیرۆکەیه لەناو نەوەی ئێستا و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا نەتەنیا بەرەو لاوازیی نەڕۆیشتووە بەڵکو زیاتر ڕەگ و ڕیشە دادەکوتێت و داربەڕووەکانی زاگڕۆس سێبەریان بەربڵاوتر دەکەن بۆ حەسانەوەی ڕێبوارانی ڕێگای ژینگەپارێزیی و سەربەستیی و یەکسانیی.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ئەوپەڕی هاوخەمیی خۆی بەگشتی ئاراستەی کۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژهەڵات و هەموو خەباتکارانی ژینگەپارێز و بەتایبەتی بنەماڵەی بەڕێزی ژینگەپارێزی نەمر کاک حەمید مورادی دەکات و ئاواتەخوازی سارێژبوونەوەی بریندارانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەیه.

سڵاو لە یادی کاک حەمید مورادیی نەمر و هەموو ژینگەپارێزانی کوردستان.

هەر بژین و بەردەوام بن ڕۆڵەکانی شۆڕشی ژینگە و ژیان و ژن و ژیاری کوردستانی قارەمان.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویی

٢٥ی جولای ٢٠٢٥