مامۆستا ئاوارەی کوردستان، ڕێبازی یەکسانییخوازانەی تۆی نەمر بە هەنگاوی بڵند درێژەی هەیە
یەکسانی
19-08-2025

ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی هاوڕێی نەمرمان، مامۆستا مەلا ڕەحمانی سیفەتاڵیی ناسراو بە ئاوارەی کوردستانە. مامۆستا یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەندامانی بەوەجی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بوو. مامۆستا ئاوارە، هۆزانوانێکی دیاری کوردستان و یەکێک لە نزیکترین هاوڕێیانی مامۆستا قانعی سۆسیالیست و مامۆستا سەید ڕەشیدی حوسەینی بوو.
ئاوارەی کوردستان، مامۆستا مەلا ڕەحمان لە گوندی دەگاگای سەرشیوی سەقز و لە خانەوادەیەکی هەژاردا هاتبووە دنیا و لە پێناو ڕزگاریی کوردستان و هەژارانیشدا سەری سەربەرزیی نایەوە. مامۆستا هەرچەندە خوێندنی مەلایەتیی تەواو کردبوو، بەڵام وەک باوەڕ نەک هەر لەگەڵ کاری مەلایەتییدا نەبوو، بەڵکو بۆ ساتێکیش ئەو کارەی نەکرد و تا دواساتەکانی ژیانی بە ڕەنجی شانی خۆی دەژیا.
مامۆستا ئاوارە لە ماوەی ژیانیدا چەند جار کەوتە زیندانی ئێرانەوە. یەکەم جار لە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاویی بۆ ماوەیەک کەوتە زیندانی ڕژیمی شا و دووەمجاریش کە پاش ڕووخانی شۆڕشی باشووری کوردستان، لەگەڵ ٥٥ کەس لە پێشمەرگە و ئەندام و کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە لایەن ڕژیمی فاشیستیی عێراقەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە. مامۆستا لە زیندانیش هەر وەکو ڕۆژانی سەختی سەردەمی پێشمەرگایەتیی، جێگەی هیوای هاوڕێیانی و نموونەی خۆڕاگریی بوو.
مامۆستا لە ١٩٦١ وە تا ساڵی ١٩٧٥ لە باشووری کوردستان پێشمەرگە بوو و پاش ڕادەسکردنەوەشی بە ئێران، لەگەڵ مامۆستا سەید ڕەشید و هاوڕێیانی تری هەر لە پەیوەندیدا بوو و بە نهێنیی کاری سیاسیی دەکرد و هیچ کاتیش لە ڕۆشەنگەریی سیاسیی و فەرهەنگیی و هۆنراوەی شۆڕشگێرانە بۆ ساتێکیش خافڵ نەبوو. لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مامۆستا چالاکەنە بەشدار بوو. لەگەڵ ڕووخانی ڕژیمی شا و ڕەوینەوەی سێبەری شوومی داگیرکاریی لە کوردستان، مامۆستا ئاوارە بۆ بەرگریی لە کوردستان و هەژارانی وڵاتەکەی، لە پرۆسەی دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانییدا ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی بینی.
پاش هێرشی کۆماری ئیسلامیی و داگیرکرانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستا ئاوارە لە شاری سەقز و لەپاڵ کاری بەرگدرووندا تا دواساتەکانی ژیانی لە خەباتی سیاسیی نهێنیی و لە کاری فەرهەنگیی دوور نەکەوتەوە.
بەداخەوە مامۆستا ئاوارەی ئازیز لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی١٣٧٤ی هەتاویی بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین. ئەم ڕووداوە جەرگبڕە زیانێکی گەورە بوو بۆ کوردستان و کۆمەڵەی یەکسانی و وێژەی یەکسانییخوازانەی وڵاتەکەمان.
هەزاران سڵاو لە یاد و تەمەنێک ژیانی خەباتکارانە و سەربەرزانەی مامۆستا ئاوارەی نەمر.
ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٧ی گەلاوێژی١٣٧٤ی هەتاویی
١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥