پەیامی ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن

Yeksani
07-03-2026

ژنانی تێکۆشەر و جەماوەری یەکسانییخوازی کوردستان

ئەمساڵ لە کاتێکدا بەپیر ٨ی مارس، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی ژنەوە دەچین، کە لە سۆنگەی دەیان ساڵ هەناردەکردنی ترۆریزمی ئیسلامیی، کۆماری سێدارە، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلی گەیاندۆتە هەموو قوژبنێکی ئێران و کوردستان و بە کوژرانی عەلی خامەنیی و ژمارەیەکی زۆر لە سەرانی ڕژیم، ئەمڕۆکە کۆماری ئاپارتایدی ڕەگەزیی، لە هەرەسهێنانی یەکجاریی نزیکبۆتەوە و کۆمەڵگەی ئێمە لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەدایە.

ئەمڕۆکە هەرچەندە ماوەیەکە بەهۆی سەرکوتی خوێناویی خەڵک و زاڵبوونی دۆخێکی میلیتاریستیی دەنگی  شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و بانگی ڕاپەڕینی هەژارانی ئێران و کوردستان لە ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵەوە بە کوشتنی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیل بۆ ماوەیەک  بێدەنگ کراوە، بەڵام زەمینەکانی شۆڕشی ژینا و هەژارانی ئێران و کوردستان پێمان دەڵێن کە ئەمڕۆ یان سبەی پاشماوەکانی کۆماری ئاپارتایدەکان دەکەونە بەر شەپۆلی تووڕەیی ژنان و خەڵکی ئازادیخواز و سەرانی ڕژیمی ئیسلامیی لە دادگاکانی گەلدا، لە دادگاکانی ژندا بە سزای تاوانەکانیان دەگەیەندرێن.

ئاشکرایە کە ڕەوتی چەپ و دیموکراتیخوازی کوردستان هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕووخاندنی کۆماری سێدارە تەنیا هەنگاوی یەکەمە و پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی دەبێ یەکسانیی ژن و پیاو لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا بچەسپێندرێت و لە ڕێگەی خوێندن و پەروەردە و ڕاگەیاندن و کاری ڕۆشنگەرانەی فرەڕەهەندییەوە کارێک بکرێت کە لە دواڕۆژدا یەکسانیی ببێتە فەرهەنگ و پیاوسالاریی و ستەمی ڕەگەزیی بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بهێندرێت.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ساڵیادی ٨ی مارسدا دووپاتی دەکاتەوە کە تاکە گەرەنتی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان، یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی جەماوەریی ژنان و خەڵکی یەکسانییخوازە لە ڕێکخراوە جەماوەریی و سیاسیەکاندا و پێشەنگایەتیی ژن لەم ڕێکخراوانەدا گرنگییەکی تایبەتیی دەبێت.

لە ساڵیادی ٨ی مارسدا وێڕای پیرۆزباییمان بەبۆنەی ئەم ڕۆژە مەزنەوە سەری ڕێز بۆ گیانبەختکردووان و خەباتکارانی ڕێبازی یەکسانیی دادەنوێنین و تاجەگوڵینەی یەکسانیی لەسەر گڵکۆی پاکی هەزاران ژینا و تەوار و نیکاکانمان دادەنێین و ڕێز دەگرین لە کلارازێتکینە ڕچەشکێنەکانی شۆڕشی ژن لە ئاستی جیهانییدا.

 با لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا، بە هەمان ئەو گیانە شۆڕشگێڕییەی کە لە شۆڕشی ژینادا بڵێسەی سەند و هەموو جیهانی گرتەوە، بەرەو لەگۆڕنانی یەکجاریی پاشماوەکانی دیکتاتۆریی ئیسلامیی و ڕزگاریی کوردستان و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێین.

بژی ٨ی مارس، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی ژنان!

سەرکەوێت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی!

بژی یەکسانی، ئازادی و مافی چارەنووس!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٧ی مارسی ٢٠٢٦

١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاویی