پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا: تا کوردستان داگیرکراو بێت، سێبەری شوومی جینۆساید ئاسمانی ئێمە بەرنادا
ناوەندی ڕامیاریی یەکسانی
15-03-2026
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی جیهان!
ئەمڕۆ ١٦ی مارسی ٢٠٢٦، ٣٨ ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی سەدەی بیستەمدا تێدەپەڕێت؛ کیمیابارانی شاری هەڵەبجە. کارەساتێک کە تێیدا ڕژێمی فاشیستیی بەعسی عێراق، بە بەرچاوی جیهانێکی بێدەنگ و "دیموکراسییەکی درۆیینە"وە، لە چەند خولەکێکدا جەستەی خەڵکی سیڤیلی هەڵەبجە و ژینگەی دەشتی شارەزووری بە گازی سارین و خەردەل هەلاهەلا کرد. لەم کۆمەڵکوژییە سامناکەدا زیاتر لە ٥٠٠٠ مرۆڤی سڤیل بوونە قوربانیی و هەزاران کەسی تریش بریندار بوون. کەم نین ئەوانەی تاکو ئەمڕۆش بە دەست ئازار و شوێنەوارە جەستەیی و دەروونییەکانی ئەو چەکە قەدەغەکراوانەوە دەناڵێنن.
ئەمساڵ لە کاتێکدا بەپیر ساڵیادی هەڵەبجەوە دەچین کە کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێران، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تووشی شەڕێکی ماڵوێرانکەر کردووە. بە جۆرێک کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوەتیی میلیتاریزە کراوە و هەزاران کەس لە هەژارانی ڕاپەڕیوی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە شەقامەکاندا بە دەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم کۆمەڵکوژ کراون. هاوکات باشووری کوردستان و بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و کەمپەکانی پەنابەران ڕۆژانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هاژەکباران دەکرێن. لە لایەکی ترەوە، کوردانی حەڵەب کۆمەڵکوژ کراون و ستاتیۆی ڕۆژاوای کوردستان زیانی زۆری پێگەیشتووە؛ ئاوارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی و عەفرین لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ سەر جێ و واری خۆیان، لە لایەن ئەو تورک و عەرەبە هاوردە داعشییانەی کە تورکیە لەو شارە داگیرکراوانەدا نیشتەجێی کردوون، ماڵ و حاڵیان ئاگری تێبەر دەدرێت.
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
هەڵەبجە تەنیا برینی شارێک یان بەشێکی کوردستان نییە، بەڵکو نیشانەی ئازاری قووڵ و هاوبەشی هەموو نیشتمانە. لەو ڕۆژەدا خوێنی ٧٢ پێشمەرگەی قارەمانی گوردانی شوانی کۆمەڵە، کە چەکی شیمیایی شەکەت و بێهێزی کردبوون و لەو حاڵەتەشدا کەوتبوونە بەر پەلاماری دڕندانەی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ خوێنی هەزاران ژن و منداڵ و پیر و لاوی هەڵەبجەدا تێکەڵ بوو. ئەم تراژیدیا خوێناوییە ئەو ڕاستییە مێژووییە دووپات دەکاتەوە کە داگیرکەرانی کوردستان، سەرەڕای هەموو ناکۆکیی و ململانێ ناوخۆییەکانیان، لە پڕۆسەی جینۆساید و سڕینەوەی گەلی کورددا هەمیشە هاوکار و تەواوکەری تاوانکارییەکانی یەکترن.
ئاشکرایە کە مێژووی جینۆسایدی گەلی ئێمە لە هەڵەبجەوە دەست پێ ناکات و بەوەش کۆتایی نەهاتووە. قاڕنا و قەڵاتان و سەردەشت و ئەنفال و دەرسیم و ڕۆبۆسکی و حەڵەب و شەنگال و کووبانی و گەلێک شوێنی تری ئەم کوردستانە، هەموویان ئەڵقەیەک لە زنجیرەی پاکتاوی ڕەگەزیی کوردن بە دەستی داگیرکەرانی کوردستان.
کەسوکاری ئازیزی گیانبەختکردووانی کوردستان!
خۆشبەختانە جینۆسایدەکان هەرگیز نەیانتوانیوە گەلی کورد بە چۆکدا بێنن. ئێوەی ئازیز هێمای بەرزی خۆڕاگرین و گەلی ئێمە لە پێناو ڕزگاریی خۆیدا مێژووێکی پڕ لە فیداکاریی و سەرفرازیی هەیە. ئەوەتا ئەمڕۆکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلەکەمان یەکگرتووانە بەرەو پیری نەورۆزی ئازادی و ڕاماڵینی داگیرکەر هەنگاو دەنێت. ئازادییەک، کە دەتوانێ بەشێک لە ئازارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت و دەرسیمەکانمان ساڕێژ بکات. بۆ ساڕێژکردنی هەموو برینەکانمان پێویستە یەکگرتووانە و یەکپارچە داکۆکیی لە هەموو کوردستان بکەین. تا کوردستان پارچەپارچە و داگیرکراو بێت، سێبەری جینۆسایدەکان ئاسمانی وڵاتی ئێمە بەرنادات.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە یادی ١٦/٣ /١٩٨٨دا هاوبەشی خەمی ئێوە و هەڵەبجە و هەموو خەڵکی کوردستانە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی گیانبەختکردووانی هەڵەبجە!
بژی یەکێتیی و هاوپشتیی هەر چوار پارچەی کوردستان!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٦/٣/ ٢٠٢٦
٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاویی