پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە

Yeksani
21-03-2026

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

نەورۆز، ئەم میراتە ئەبەدییەی گەلانی کەونارا، بۆ نەتەوەی کورد هەمیشە زیاتر لە گۆڕانی وەرزەکان بووە؛ نەورۆز هێمای ڕزگاری و خۆڕاگری و لە دایکبوونەوە لە بەرامبەر تاریکی و چەوساندنەوە بووه. نەورۆز لە ئەفسانە کۆنەکانی بەرخۆدانەوە تا ڕاپەڕینە هاوچەرخەکان هەمیشە لەگەڵ ڕۆحی خەبات و بەرخۆدانی کوردستان تێکەڵ بووە و هەموو ساڵێک وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە ئاگری ئیرادەی گەلەکەمان بۆ گەیشتن به ئازادی و یەکسانی هەرگیز ناکوژێتەوە.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا پێشوازی لە نەورۆز دەکەین کە خوێنمژانی کورد یەک لەدوای یەک بەهیلاک دەچن و وزە و هێزی داگیرکەرانی کوردستان بەرەو کزی و لاوازییه. نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە دۆخێکی هەستیار و چارەنووسسازدایە. لە ڕۆژهەڵات، ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک یەکێک لە دیارترین بزووتنەوە هاوچەرخەکان هێمای بزووتنەوەی کۆمەڵگایە بۆ قۆناغێکی نوێی هۆشیاری نەتەوەیی و شوناسخوازی مێژوویی. لە هەمانکاتدا شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسڕایل و ئێران دۆخێکی هەڵکەوتەی بۆ کورد لە ناوچەدا کردۆتەوە کە گورزی خۆی لە کاتی پێویستدا لە داگیرکەری ئێرانی بووەشێنێ و مافی خۆی بستێنێتەوە.

لە باکوور، سیاسەتی سەرکوتگەرانە، سنووردارکردنی چالاکییە سیاسییەکان و گوشارەکان بۆ سەر هێزە دیموکراتییەکان لە حاڵێکدا بەردەوامن کە ئوردوغان لە ژێر ناوی برایەتی گەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزە دژبەرە کوردییەکان دەکا، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرخۆدانی مەدەنی بۆ پاراستنی ناسنامە و مافی نەتەوەیی هێشتا وەک خۆیان ماون. ئەم خۆڕاگرییە ئەوە دەردەخات کە ئارەزووی ئازادی سەرەڕای هەموو گوشارەکان زیندووە.

لە ڕحژاوای کوردستان، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری و بەشداری جەماوەری بۆتە مۆدێلێکی گرنگی پێکەوەژیان و دیموکراسی، سەرەڕای هەڕەشە ئەمنییەکان و دەستێوەردانەکانی ناوچەیی؛ مۆدێلێک کە پێویستی بە پشتیوانی و بەهێزکردن و پاراستن هەیە لە بەرامبەر هەڕەشەی جۆلانی و دارودەستەی داعیشیی تورکادا.

لەم هەلومەرجەدا، نەورۆزی ئەمساڵ بانگەوازمان دەکات بۆ تێڕامانێکی قووڵتر: چۆن دەتوانین ڕێگای دژواری خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ کورت بکەینەوە بە تێپەڕاندنی جیاوازییەکان و بەهێزکردنی هاوپشتی نەتەوەیی و یەکگرتوویی.

قۆناغی هەستیاری ئێستا، زیاتر لە هەرکاتێک، پێویستی بە ڕوانگەیەکی بەرپرسیارانە و یەکگرتوویی و هاودەنگی هەیە. نابێ جیاوازیی سیاسی ببێتە بەربەست لەبەردەم ئامانجە هاوبەشەکان، بەڵکو دەبێ لە چوارچێوەی دیالۆگ و لێک تێگەیشتن و ڕێزگرتنی یەکتردا ببێتە فاکتەری سەرەکی بۆ جوڵەی ناوەکی و پەرسەندنی خەباتی نەتەوەیی لە شاخ و شار.

نەورۆز وەک هێمایەک له سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا، پێمان دەڵێ باوەڕمان بەوە هەبێت کە ڕێگای ئازادی، هەرچەندە سەختە، بەڵام پڕهیوایه. نەتەوەی کورد بە پشت بەستن بە مێژووی درێژی خەبات و ئیلهام وەرگرتن لە داخوازییەکانی نەوەی نوێ، دەتوانێت ئایندەیەک لە سەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دابڕێژێت.

بە پابەندبوونمان بە بەها بەرزە مرۆییەکان، بە جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزی نەتەوەیی و بە هیوای سبەینێیەکی گەشاوەتر، پیرۆزبایی هاتنی جەژنی نەورۆز لە نەماڵەی بەرزی شەهیدان و سەرجەم خەڵکی کوردستان و هەموو خەباتکاران و ئازادیخوازانی جیهان دەکەین.

نەورۆزتان پیرۆز

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١/١/١٤٠٥ی هەتاویی

٢١/٣/٢٠٢٦