پەیامی هاوخەمیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ هاوڕێیانمان لە سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

Yeksani
16-04-2026

هاوڕێیانی هێژا

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، هەواڵی گیانبەختکردنی هاوڕێی تێکۆشەر غەزاڵ مە ولان چەپەراباد، پێشمەرگەی کۆمەڵەمان پێ گەیشت کە لە ئەنجامی هێرشی درۆنیی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی ئێوە لە ناوچەی سوورداش، بە سەختی بریندار بوو و دواتر بە کاروانی نەمرانی ڕێگای ئازادی و یەکسانیی و سەربەخۆیی کوردستان پەیوەست بوو.

ئەم تاوانە نوێیەی ڕژێمی پەت و سێدارە، درێژەی ئەو زنجیرە جینایەتانەیە کە دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕەکانی ئەنجامی دەدات. هاوڕێ غەزاڵ وەک کچە شۆڕشگێڕێکی خەڵکی مەهاباد، کە دژ بە هەڵاواردن و چەوسانەوە ڕیزەکانی کۆمەڵەی هەڵبژاردبوو، بوو بە هێمایەکی دیکەی خۆڕاگریی ژنان و تێکۆشەرانی کوردستان لە پێناو ئازادیی و یەکسانییدا.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم پەلامارە تیرۆریستییەی داگیرکەری ئێرانیی، پرسە و سەرەخۆشیی گەرمی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتیی و هێزی پێشمەرگە و سەرجەم ڕیزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی هاوڕێ غەزاڵ دەکات.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەم جۆرە هێرشە هۆڤانانە، نە تەنیا هیچ کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر ورەی شۆڕشگێڕانەمان نابێ، بەڵکو پێداگرییمان لەسەر درێژەدان بە خەباتی هاوبەش بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و سەربەخۆ ڕۆژ بە ڕۆژ پتەوتر دەکات.

یادی هاوڕێ غەزاڵ مەولان چەپەراباد وەک ڕێباز و ئامانجەکانی لە دڵی کوردستانیانی یەکسانییخوازدا بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی.

لەگەڵ سڵاو و ڕێزماندا

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاویی / ١٥ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی