پەیامی هاوخەمی و هاوخەباتیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
Yeksani
18-04-2026
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، دیسانەوە دەستی تێرۆری کۆماری فاشیستی ئیسلامیی ئێران گەیشتەوە کەمپە مەدەنییەکان و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و لە شەپۆلێکی نوێی هێرشە درۆنی و هاژەکییەکاندا، پۆلێک لە ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان؛ ئازیزان شاهین ئازەربەرزین، نەدا میری و سەمیرە ئەڵڵایاری گیانیان بەخت کرد و چەند تێکۆشەرێکی دیکەش لەوانە کاک نادر ئازەربەرزین بە سەختی بریندار بوون. ئەم تاوانە لە کاتێکدایە کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر، هاوڕێ غەزاڵ مەولان پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش لە پەلامارێکی هاوشێوەدا لە سوورداش، بە کاروانی گیانبەختکردووانی کوردستانەوە پەیوەست بوو.
ئەم هێرشە خوێناوییانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە لە لایەکەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، سەرەڕای باوەڕی نەگۆڕیان بە مافی بەرگریی ڕەوا، وا زیاتر لە سێ دەیەیە شەڕی داسەپاوی چەکدارییان ڕاگرتووە و گرنگییان داوەتەوە بە خەباتی مەدەنی؛ لە لایەکی تریشەوە بە بەشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەند ساڵێکە ڕێککەوتننامەیەکی ئاسایشیی لە نێوان ئێران، عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا واژۆ کراوە کە هەر چەشنە هێرشێکی چەکدارانە بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی کوردستانیانی ڕۆژهەڵات قەدەغە دەکات. ڕێککەوتننامەیەک کە لە ڕۆژی واژۆکردنیەوە تا ئەمڕۆ، سەدان جار بە بەرچاوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، زۆر هۆڤانە پێشێل کراوە.
بەڕێزان، ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی ئەوەمان لێ دەخوازێت بیرێکی جیددی لێ بکەینەوە کە چۆن دەتوانین پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ بکەینەوە و چۆن بتوانین لە سەردەمی شەڕی نوێدا خۆمان باشتر بپارێزین و چۆن بە هەنگاوی بڵندتر شۆڕشەکەمان بەرەو سەرکەوتن بەرین.
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پێی وایە پێویستە هەرچی زووتر هاوپەیمانیی کوردستانی فراوانتر بکرێت و هەنگاوی کردەیی خێرا بنرێت بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، پێکهێنانی دەزگایەکی دیپلۆماسیی هاوبەش، دامەزراندنی ناوەندێکی پزیشکیی سەربەخۆ و مێدیایەکی بەهێزی یەکگرتوو؛ تا لە گۆڕەپانی خەباتێکی فرەڕەهەندییدا، لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، هێز و گوڕێکی زیاتر بە شۆڕشەکەمان بدەین.
بۆ پاراستنی دانیشتووانی کەمپە مەدەنییەکان و پاراستنی هێزی پێشمەرگە، پێویستە ناوەندێکی پزیشکیی هاوبەش دابمەزرێندرێت؛ تا بۆ چارەسەرە فریاگوزارییە سەرەتاییەکان چی دی ناچار نەبین پەنا بەرینە بەر ئەو بەناو نەخۆشخانانەی باشوور کە لەژێر فشاری سیاسی و بیری کۆنەپەرستیدا، بە خۆبواردن لە چارەسەری بریندارەکانمان و سووکایەتیکردن بە شکۆی گیانبەختکردووانمان، بوونەتە هاوتاوانی کۆماری ئیسلامیی سێدارە.
لە کۆتاییدا ئێمە وێڕای شەرمەزارکردنی توندی هێرشەکانی کۆماری سێدارە و بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوخەمیی و هاوخەباتیی خۆمان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دووپات دەکەینەوە، سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانمان دەکەین و دروود دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو ئازیزانەی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی دوژمندا و لە پێناو ڕزگاری و سەربەستیی کوردستاندا سەری سەربەرزییان نایەوە.
بژی یەکێتیی و هاوخەباتیی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دژی داگیرکەران.
ەگەڵ سڵاو و ڕێزماندا
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی
١٨ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی