بەیاننامەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکار

Yeksani
30-04-2026

کرێکاران، زەحمەتکێشان، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران!

ئەمڕۆ لە کاتێکدا بەپیر یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکارەوە دەچین، کە جیهان و ناوچەکەمان لە نێوان بەرداشی چەوسانەوەی سەرمایەداریی و شەڕە کۆنەپەرستانەکاندا دەناڵێنێت. لە کوردستانی داگیرکراوی ئێمەشدا، شەڕ و داگیرکاریی وا سەد ساڵە بەردەوامە و خەبات و خۆڕاگرییش بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمە نەتەوایەتیی و چینایەتیی و ڕەگەزییەکانیش هەر وا بە هەنگاوی بڵند درێژەی هەیە.

ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز!

یەکی ئەیاری ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە ناوچەکەمان بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی مەترسییداری نێوان جەمسەرە کۆنەپەرستەکان. شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی هەناردەکردنی تێرۆریزمی ئیسلامیی ڕژێمی ئێرانە بۆ وڵاتانی تر، ژیانی ملیۆنان مرۆڤی خستووەتە مەترسییەوە. شەڕێک کە بۆ کۆماری ئیسلامیی شەڕی مان و نەمانە و بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکەش، شەڕی کۆنەپەرستان و کوشتار و ماڵوێرانیی و هەژارکردنی زیاتری خەڵکی ئاساییە. لە ئاستی جیهانییشدا، ئەم شەڕە بووەتە مایەی گرانیی و داڕمانێکی ئابووریی کە باری سەرشانی کرێکاران و خەڵکی هەژار و زۆرینەی کۆمەڵگەی قورستر کردووە.

کۆماری ئیسلامیی بە مەبەست ئەم شەڕە بۆ میلیتاریزەکردنی زیاتری کەشی سیاسیی کۆمەڵگە و بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەکاردەهێنێت. کۆماری ستەم و سێدارە بە بیانووی بێبنەمای سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، تەنها لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەیدا، دەیان کەسی بێتاوانی لەسێدارە داوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تەنها لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان، نزیکەی ٢٥٠ کەسی بە تۆمەتی ناڕەوا و بێ هیچ پرۆسەیەکی دادوەریی ڕوواڵەتیانەش ڕەوانەی زیندانە سامناکەکانی کردووە و هەموو ساتێک مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. لە کوشتاری بەفرانباروە تا ئەمڕۆ، ڕژێم بە بڕینی ئینتەرنێت و دوور لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەوڵی شاردنەوەی تاوانەکانی دەدات. هیچ دوور نیە کە لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەیدا کۆمەڵکوژیی تری لە چەشنی کۆمەڵکوژییە گەورەکەی بەفرانباری ڕابردووی ئەنجام دابێت.

کرێکاران، ژنانی شۆڕشگێڕ، خەڵکی تێکۆشەر!

ئامارە جیهانییەکان پێمان دەڵێن کە سیستمی سەرمایەداریی چەندە سیستمێکی چەوسێنەرانە و دژی دادپەروەرییە: ئێستاکە لە چاخی ژیریی دەسکرد و پێشکەوتنە سەرسوڕهێنەرە تەکنۆلۆژییەکاندا، لە سایەی کاپیتالیزمەوە ٧٠٠ ملیۆن کەس لە هەژارییەکی سەخت و ٣.٥ ملیار کەس لە هەژارییەکی گشتییدا دەژین. ئەمڕۆکە دەبینین کە ساڵانە ٣ ملیۆن کرێکار لە شوێنی کار گیان لەدەست دەدەن و ملیۆنان منداڵیش بۆ دابینکردنی نانی ڕۆژانەیان ناچار بە کارکردن دەکرێن و تاقمێکی کەم لە سەرمایەداران خەریکی کەڵەکەکردنی سامانی زیاترن و تەنانەت شەڕیان کردۆتە بەشێک لە بازاڕی چەوسێنەرانەیان. بەداخەوە لەم سیستمە چەوسێنەرانەیەدا مرۆڤ تەنیا بایەخێکی ڕۆبۆتییانەی هەیە و هیچی تر. ڕۆبۆتێک کە کاڵاکانی سەرمایەداران ساخ دەکاتەوە و بە کرێیەکی هەرزان بەرهەمی رەنج و ئازاری بەتاڵان دەبرێ.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێمەش، ئەم نادادپەروەرییە لە سایەی سیاسەتی کۆڵۆنیالیستیی ڕژێمێکی ئیسلامییدا گەیشتووەتە لووتکە. کوردستانێکی دەوڵەمەند، بەم هەموو زێڕ و نەوت و کانزا جۆراوجۆرەوە کە هەیەتی، تاڵان دەکرێ و خەڵکەکەی ناچارکراون بۆ نانی شەو، ڕوو بکەنە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەریی. کارێکی کۆیلەدارانە، کە لە دەسپێکی شەڕەوە ئەویش نەماوە.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران!

نابێت ڕێگە بدەین ڕژێمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی چیتر شەڕ بکاتە بیانوویەک بۆ زیاتر سەرکوتکردنی خەڵک و ڕەشبگیریی بەربڵاوی ڕۆڵەکانمان و لەسێدارەدانی ڕۆژانەی ئازیزانمان. ئێستا کە ماوەیەکە ئاگربەست ڕاگەیەندراوە و ناوچەکە لە دۆخێکی نە شەڕ نە ئاشتیدایە، کاتیەتی یەکگرتووانە و هاودەنگ بێینەوە گۆڕەپانی خەباتی شەقام و بە دەنگێکی بەرز داخوازییە سەرەتاییەکانمان بێنینە زمان. پێویستە داوای کۆتاییهاتنی دەستبەجێی شەڕخوازیی و داوای ئازادکردنی دەسبەجێی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە دەستگیرکردنی ناڕەوای خەڵک و کردنەوەی دەستبەجێی هێڵەکانی ئینتەرنێت بین و داوای قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانە ئابووریی و گیانییانەش بکەین کە بەهۆی سیاسەتە تێرۆریستییەکانی ڕژیمەوە لەم شەڕەدا بەر خەڵکی ئاسایی کەوتوون.

بەو هیوایە  لە سایەی ڕاپەڕین و تێکۆشانی یەکگرتووی خەڵک خۆیانەوە، کۆتایی بە تەمەنی نگریسی کۆماری ترۆریستی ئیسلامیی بێت و  کوردستانی ئێمەش لە داگیرکاریی ڕزگاری بێت و سیستمێک بێتە کایەوە کە تێیدا چیتر نان و دەرمان و نیشتەجێبوون و خوێندن کاڵایەک نەبن بۆ کەڵەکەکردنی سوود و ببنە مافی بێبەرانبەری دانیشتووانی وڵات. سیستمێکی سۆسیالیستیی سەردەمییانە و ئازاد و دێموکراتیکی وەها بێتە کایەوە، کە بە جێگەی ئیدئۆلۆژی، پشت بە زانست و بەشداریی بەرینی دانیشتووانی کۆمەڵگە ببەستێت لە پلاندانان و بەڕێوەبردنی وڵاتدا. بێگومان لە کوردستان دامەزراندنی وەها سیستمێک سەر ناگرێت تا داگیرکەر وەدەر نەنرێ و تا نەخشەی کوردستانی سەربەخۆ لە نەخشەی جیهاندا جێی نەکرێتەوە.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی قارەمان!

کرێکاران و چەپی سۆسیالیستی ڕاستەقینەی ئێران و وڵاتان لۆژیکییانە دەبێ نزیکترین دۆستانی گەلی کوردستان بن لە خەبات بۆ ڕزگاریی وڵاتەکەمان لە ژێرچەپۆکەیی داگیرکەران. لەم ڕوانگەوە، ئێمە درووشمی کرێکاران و گەلانی بندەستی جیهان یەکگرن، هێشتا بە درووشمی ڕۆژ دەزانین و بەو هیوایە لە یەکی ئەیاریشدا یەکێ لە درووشمە سەرەکییەکانمان بێت.

یەکی ئەیار، ڕۆژی هاوخەباتیی جیهانیی کرێکارانتان دووبارە پیرۆز بێ. هاوڕێیان، سەرکەوتن لە یەکێتیی و هاوپشتیی و ڕێکخراوبوونماندایە. کرێکاران و گەلانی بندەستی جیهان یەکگرن!

بژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١ی ئایاری ٢٠٢٦