کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر دامەزراوە دەوڵەتییەکانی باشووری کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکات
Yeksani
17-08-2026
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی کاری سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە پووشپەڕی ڕابردووشدا، کۆماری ئیسلامی باروتخانەی تاسڵوجە، تۆپخانەی تەگەران و فەرماندەیی قەڵاچوالانی بە خەستی بۆردومان کردبوو.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری «حەدید-١١٠» لە ناو خاکی ئێرانەوە هاتوون و ئەو بنکە و دامەزراوە حكومییەیان کردووەتە ئامانج.
ڕژیمی ئێران، جگە لەم هێرشانەی بۆ سەر دامودەزگا دەوڵەتییەکان، لە ماوەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا سەدان جار بە درۆن و هاژەک هێرشی خوێناویی کردووەتە سەر بارەگا و بنکەکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور.
بێگومان هێرشەکەی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم — کە لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزی هەرێمایەتیدا ڕوویداوە — تەنیا هێرشێکی سەربازیی تاکتیکی نییە، بەڵکو دەستدرێژیی و هەڕەشەیەکی ستراتیژیکی ڕژیمێکی داگیرکەرە دژ بە هەموو کوردستان.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، ئەم هێرشانەی کۆماری شەڕ و ترۆر و سێدارە بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی، سیاسی، دەوڵەتی و ئاساییشییەکانی باشووری کوردستان بە توندی شەرمەزار و سەرکۆنە دەکات.
هاوکات وەک هەمیشە، جەخت لەسەر پێویستیی هاوکاریی، هاوپشتیی و هاوخەباتیی ستراتیژیکی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە بەرامبەر هێرش و هەڕەشەکانی داگیرکەراندا دەکەینەوە. ئێمە پێمان وایە ناکۆکییە سیاسییەکان و جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان نابێت بە هیچ شێوەیەک ببنە بەربەست لە بەردەم هاوپشتیی و خەباتیی نیشتمانییماندا.
لە کۆتاییدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانە دەکەین کە لە باشووری کوردستان کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسییان هەیە، لە بەرامبەر دەستدرێژییە بەردەوامەکان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن.
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاویی
١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٦