لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینادا؛ وانەکانی شۆڕش چیمان پێ دەڵێن؟

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
15-09-2026

کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانییخوازی کوردستان!

ژنانی پێشەنگی شۆڕش!

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی، کچی کوردستان و هەڵگیرسانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا تێدەپەڕێت؛ شۆڕشێک کە لە شاری سەقزەوە سەری هەڵدا و بە خێرایی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە، سنوورەکانی کوردستانی بەزاند و بوو بە سەرهەڵدانێکی بەرفراوان دژی کۆماری ئیسلامی لە پانتای ئێراندا و لە ئاستی جیهانییشدا پاڵپشتییەکی بەرینی لێ کرا.

شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی یەکسانییخوازانە و ئازادیخوازانەی ڕێنسانسئاسا بوو بە پێشەنگایەتیی ژنان و لاوان؛ شۆڕشێک کە لە ئاستی بنەماڵە و کۆمەڵگاشدا پاشەکشەیەکی بەرچاوی بە پیاوسالاری کرد و گورزێکی توندی لە بنەما ئایدیۆلۆژیکەکانی کۆماری فاشیستی ئیسلامی دا.

ئەم ڕژیمە لەرزۆکە، هەرچەندە بە زەبری سەرکوت و توندوتیژی هێشتا بەپێوەیە، بەڵام زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە و هەموو شێوازەکانی تری ترساندن نەیانتوانی ژنان، کە یەکێک لە شێلگیرترین هێزەکانی ئەو شۆڕشە فرەڕەهەندییە کۆمەڵایەتییەن، بنێرنەوە ماڵەوە و تەنانەت ئەمڕۆکە ژنان لە کردەوەدا، بە ژێرپێخستنی یاسا و فەرمانەکانی ڕژیم، تابۆی حیجابی زۆرەملێیان بە تەواوەتیی تێکشکاندووە و ئاساتی ویست و خواستەکانیان لە حیجابەوە بەرەو ویستی نەتەویی و ڕووخاندنی ڕژیم بەرز کردۆتەوە.

لە کوردستان، شۆڕشی ژینا جگە لە تایبەتمەندییە یەکسانییخوازانەکەی، ڕەهەندێکی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییشی هەیە و بووە. خەبات بۆ ئازادی، یەکسانیی ڕەگەزیی و چینایەتی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ژینگەیەکی پاک، لەگەڵ خەبات بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان و کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری و داگیرکاری، ڕووبارگەلێک بوون کە دەریایەک لە شۆڕشێکی فرەچەشنییان پێکهێنا. بۆیە «ژن، ژیان، ئازادی» تەنها دروشمێک نەبووە و نیە بۆ بەدەستهێنانی تاکە خواستێکی ڕیفۆرمیستی، بەڵکو بانگێکی ڕەسا بووە بۆ ڕزگاریی تاک و ڕزگاریی کۆمەڵگە و ڕزگاریی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی تر لە ئێران.

خەڵکی قارەمانی کوردستان!

ئەمڕۆ، چوار ساڵ دوای هەڵگیرسانی ئەو شۆڕشە مەزنە، و هاتنە ئارای گەلێک گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا، پێویستە بپرسین: چیمان بەدەست هێناوە؟ شۆڕشەکەمان لە کوێدا لاوازی پێوە دیارە؟ وانەکانی شۆڕش چین و ئێستا دەبێ چی بکەین؟

شۆڕشی ژینا توانی ترسی کۆمەڵانی خەڵک لە دیکتاتۆریی و داگیرکەر بشکێنێت، پێگەی ژنان تا ڕادەیەکی زۆر بەرز بکاتەوە، دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیکی ڕژیم لاواز و ڕیسوا بکات و کوردستان بکاتەوە بە ناوەند و پێشەنگی خەبات لە ئاستی ئێراندا؛ بەڵام نەیتوانی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت.

یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەمە ئەوە بوو کە شۆڕشەکە سەرەڕای بەربڵاوییەکەی لە سەراسەری ئێراندا، نەیتوانی وەک کوردستان کۆمەڵایەتی بێتەوە. زۆرترین قورسایی شۆڕشەکە لەسەر شانی ژنان و لاوان و تازەلاوان بوو. چینی کرێکاری ئێران ئەگەر لە جەرگەی بەهێزیی شۆڕشی ژینادا بە مانگرتنی گشتیی بهاتایە گۆڕەپانکەوە، دەیتوانی کۆماری ئیسلامیی بڕووخێنێت، بەڵام بەداخەوە ئەم چینە کە دەبوو پێشەنگی شۆڕشەکە بێت و ڕێبەرایەتییەکەی بەدەستەوە بگرێت، بە ناوی خۆیەوە هیچێکی بۆ شۆڕش پێ نەبوو. هۆکارێکی تر ڕۆڵی تێکدەرانەی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرای پاوانخوازی ئێرانی و ڕەوتە پانئێرانیست و پاشاییخوازەکان بوو، کە بە بەکارهێنانی ترسی «دابەشبوونی ئێران»، دژی کوردستان و گەلانی بندەستی تر هەوڵیان دا بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێران لە هاوپشتیی شۆڕش سارد بکەنەوە.

وانەیەکی دیکەی ئەم ئەزموونە گرنگییدانە بە پاراستنی یەکگرتوویی سیاسیی کوردستان. لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا، کاتێک ناوەندی هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەیتوانی ڕۆڵێکی گرنگ لە هاوئاهەنگکردنی خەبات و یەکخستنی دەنگی سیاسیی کوردستان بگێڕێت، پەسەندکردنی «مەنشووری مەهسا» لەلایەن یەکێک لە لایەنە کوردییەکانەوە لەگەڵ پاشایەتییخوازەکان و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی پانئێرانیست، ناکۆکییەکی قووڵی لە نێو لایەنە کوردستانییەکاندا دروست کرد و زیانێکی جیدی بەو هاوکارییە گەیاند. ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە یەکگرتوویی کوردستان نابێت قوربانیی هاوپەیمانیی تاکلایەنە لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بێت. هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ئێران پێویستە، بەڵام دەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیی کوردستان، داننان بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و ڕێزگرتن لە یەکگرتوویی ناوخۆیی بێت.

وانەیەکی بنەڕەتیی دیکە ئەوەیە کە هەڵچوونی جەماوەری، هەرچەندە فراوان و شۆڕشگێڕانەش بێت، بەبێ خۆڕێکخستنێکی سەرتاسەری، دامودەزگای جەماوەری و تیۆری و بەرنامەیەکی سیاسیی شۆڕشگێڕانە، ناتوانێت سیستمی کۆن لاببات و سیستمێکی نوێ و پێشکەوتووانە دابمەزرێنێت. لە دەسپێکی شۆڕشی ژینادا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی کۆمەڵێک ڕێکخراوی جەماوەری و پیشەیی، ڕێکخراوی ژنان و کرێکاران، مامۆستایان و خوێندکاران و ئەنجوومەنە وێژەیی و مەدەنییەکان بوو. ئەوە دەستکەوتێکی گرنگ بوو، بەڵام ئەم ڕێکخراوانە نەیانتوانی و تا ئێستاش نەیانتوانیوە لە تۆڕ یان فیدراسیۆنێکی سەرتاسەریی کوردستانیدا یەک بگرنەوە و وەک پێویستە ببنە هێزێکی هاوئاهەنگ و کاریگەر لە ئاستی کۆمەڵگەدا.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ئەمڕۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین چوونەتە قۆناغێکی تازەی ململا‌نێ و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەوە. هەژموونی تاکجەمسەریی دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت کۆتایی پێ هاتووە و هاتنە کایەیەی کۆمەڵێک زلهێزی نوێ، نەزمی کۆنی نێودەوڵەتیی سەدەی بیستەمی لاواز و ناکاریگەر کردووە و مەترسیی ئەوە هەیە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی جیهانی بە سەرەنجامگەیشتنی سیستمی فرەجەمسەریی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی زلهێزەکانی لێ بکەوێتەوە. ئەمڕۆکە ململا‌نێ ئابووریی و تەکنەلۆژیی و سیاسی و سەربازییەکان توندتر بوونەتەوە و شەڕ و قەیرانەکانی چەند ناوچەی جیهان نیشانەی ئەم قۆناغە نوێیە و سەر لە نوێ دابەشکردنەوەی جیهانن. ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم ململا‌نێیانەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا بە سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی تر و سازکردنی گرووپگەلی ترۆریستیی بریکار و گوێلەمستی خۆی لە ناوچەکە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی پەلکێشی شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیڵ کردووە. ئەم شەڕە کە بە پێشەنگایەتیی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرینی بەدوادا هات و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کۆمەڵکوژییەکی هەزارانکەسیی لێ کەوتەوە، بە کوشتنی خامەنەیی گۆڕبەگۆڕ و کورتکردنەوەی دەستی بریکارەکانی ڕژیم، هیوای ڕووخانی ئەو ڕژیمەی لە دڵی زۆر کەس لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیدا زیندوو کردەوە، بەڵام دواتر بۆ هەمووان دەرکەوت کە زلهێزەکان ئەمجارەش وەک هەمیشە بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن و ئەوەی لای ئەوان بەهایەکی پێنادرێ خواست و چارەنووسی خەڵکە و تەنانەت دواتر تا ئاستی دانووستان لەگەڵ رژیم هاتنە پێش و ئاکامەکەشی ئێستا بووەتە مایەی ماڵوێرانیی خەڵک و بەرزبوونەوەی ئاستی گرانیی و هەژارییەکی لە ڕادەبەدەر و جگە لەوەش بووەتە چەکێک بەدەس ڕژیمەوە بۆ هەرچی زیاتر میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازیی لە کوردستان و ئێران.

ئێمە پێمان وایە کە کوردستان نابێت چارەنووسی خۆی بە هیچ زلهێز و دەوڵەتێکی دەرەکی بسپێرێت. بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە هەلێکی سیاسی بۆ وەدەرنانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بڕەخسێنێت، پێویستە بە پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و بە پشتبەستن بە هێزی خودی کۆمەڵگە، سوودی لێ وەربگیرێت.

ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان لەم ڕووەوە وانەیەکی جیدییە. لە دیدی ئێمەوە، کێشەی بنەڕەتیی ئۆجەلانیزم ئەوەیە کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد ڕەت دەکاتەوە و کورد وەک نەتەوەیەکی نیشتمان داگیرکراو نابینێت و چارەسەر لە "ئینتگراسیۆن"ی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا دەبینێتەوە. ئەنجامی ئەم ستراتیژییە لە ڕۆژاوا بە شێوەیەکی تراژیدیک خۆی نیشان دا: ئەو هێز و دامودەزگا خۆسەرەی کە بە خەبات و قوربانیدانی خەڵکی ڕۆژاوا و بەشەکانی تری کوردستان دروست کرابوون، هەڵوەشێنرانەوە و تێکەڵ بە دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریەی عەرەبیی کران.

ئەم ئەزموونە دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشدارییەکی جیدی بێت. ڕۆژهەڵات پێویستی بە ستراتیژییەکی سەربەخۆی کوردستانیی هەیە کە هەڵقووڵاوی هاوفکری و دیالۆگ و لێک گرێدانی هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی ناوخۆیە و مافی دیاریکردنی چارەنووس و خۆڕێکخستنی جەماوەریی و ئازادییە سیاسیەکان و یەکسانیی ژن و پیاو و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەردی بناغەی بێت.

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!

ئێوە ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، کارمەندان، خوێندکاران، لاوان و هەموو کۆمەڵانی چەوساوەی خەڵکی کوردستان دەبێت خۆتان بە تاکە هێزی سەرەکیی ڕزگاریی خۆتان بزانن. پێویستە خۆتان ڕێکبخەن، یەک بگرن و ڕاستەوخۆ لە دیاریکردنی چارەنووس و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و وڵاتدا بەشدار بن؛ نەک تەنیا چاوەڕوانی حیزبە سیاسییەکان بن یان خۆتان بە پاشکۆی ئەوان بزانن. مانگرتنی گشتیی، خۆپیشاندانی جەماوەریی و پەرەپێدانی تۆڕ و دامودەزگا سەربەخۆکانی خەڵک دەتوانن کۆمەڵگە لە چاوەڕوانیی گۆڕانکارییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ هێزێک کە خۆی لە دروستکردنی داهاتووی سیاسییدا ڕۆڵی چارەنووسساز دەگێڕێت. هەروەها تێکۆشانی ئێمە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕش نابێت تەنها لە سنوورەکانی کوردستاندا بمێنێتەوە و لەم بوارەشدا پێویستە هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانییخوازەکانی ئێران و گەلانی بندەستی کۆماری ئیسلامیی بەهێزتر بکرێت؛ هاوکارییەک کە لەسەر بنەمای داننان بە ئازادی و یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی یەکتر دامەزرابێت.

ژنانی پێشەنگی شۆڕش، لاوانی تێکۆشەر، کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینادا، یادی ژینای نەمر و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادیی و یەکسانی و ڕزگاریی کوردستان و ئازادیی ئێران بە درێژەدانی ڕێگەیان و بە مانگرتنی گشتیی لە هەموو شارەکانی کوردستان و تەنانەت ئێرانیش بەرز ڕادەگرین. سڵاو دەنێرین بۆ خۆڕاگریی بنەماڵەی گیانبەختکردووان و ورەی بەرزی زیندانیانی سیاسی و هەموو ئەو ئازیزانەی لە ماوەی ئەم شۆڕشەدا بریندار و کەمئەندام بوونە.

باشترین ڕێزگرتن لە یاد و خەباتی گیانبەختکردووانمان ئەوەیە وانەکانی شۆڕش پشتگوێ نەخەین؛ دەستکەوتەکانی بپارێزین، خاڵە لاوازەکانمان بناسین و بۆ قۆناغی داهاتووی شۆڕشەکەمان، خۆمان فراوانتر و تۆکمەتر ڕێک بخەین و بە درێژەدانی ڕێگەی گیانبەختکردووانمان، شۆڕشی ژینا، شۆڕشی یەکسانییخوازانەی کوردستان بگەیەنینە سەرکەوتن.

ژن، ژیان، ئازادی!

بژی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد و گەلانی بندەست!

بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی!

بۆ پێشەوە بەرەو مانگرتنی گشتی لە ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاویی

سپتامبری ٢٠٢٦